مونا قەھوەچی: تەنیا پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات

سکرتێری خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، لە ڕاگەیاندنەکان بابەتی کورسی کۆتاکانی تورکومان گەورەکراوە، دەشڵێ: تەنیا پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات.
مونا قەھوەچی، سکرتێری خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کورسی کۆتاکان لەنێو یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگیرکراوە و ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە لەسەر یاسای ھەڵبژاردنە نەک تەنیا کورسی کۆتای تورکومان، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکان بابەتی کورسی تورکومان گەورە کراوە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆکراوە، کورسی کۆتا کاتێک دەستکاری دەکرێت ئەگەر پەرلەمانی کوردستان یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکاتەوە.
سکرتێری پێشووی پەرلەمان گوتیشی: دادگای فیدڕاڵ دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی ھەیە و دەتوانێت سکاڵاکە بەو شێوەیە یەکلا بکاتەوە کە یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان قبوڵی دەکات یان ڕەتی دەکاتەوە، ئەگەر یاساکەی ڕەتکردەوە ئەو کات دەبێت پەرلەمانی کوردستان یاسای ھەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، پەرلەمانیش لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەکخراوە، کەواتە ھەموارکردنەوەی یاساکە ناکرێت .. یانیش ھەڵبژاردن بەڕێوەناچێت.
لەبارەی کورسی کۆتای تورکومان مونا قەھوەچی گوتی: لەیاسای ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمان لە ١٠٥ کورسی پێکھاتووە و دواتر ھەر بە یاسا کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەی تورکومان زیادکراوە، ھیچ کێشەیەک لە کورسی کۆتای تورکوماندا نییە و کەسیش ناتوانێت ژمارەی کورسییەکان کەم بکاتەوە تەنیا لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە نەبێت، ئەو لایەنەی ئێستا سکاڵای تۆمارکردووە ھەر ئەو لایەنە دەنگی بە کورسی کۆتاکانیش داوە و ڕازی بووە بە پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەی تورکومان.
قەھوەچی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە وەک گەلی تورکومان کورسی کۆتا بە مافی یاسایی و دەستووری خۆمان دەزانین، ئەگەر لایەنێکیش پێی وایە ژمارەی کورسییەکان زۆرە ئەوە ئازادە لە بۆچوونەکەی، بەڵام ئێمەیش پێکھاتەیەکی سەرەکین لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھیچ ڕاپرسیەکیش نەکراوە ژمارەی تورکومان چەندە تا داوای کەمکردنەوەی کورسی کۆتای تورکومان بکرێت.
قائید میرۆ




