٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى نه‌وتى عێراق كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/11/13 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز حه‌ییان عه‌بدولغه‌نى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌زیرى نه‌وتى عێراق و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ دوو له‌ به‌ڕێزان جێگرانى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق و به‌ڕێز وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت ئاماده‌ى بوون، دوایین هه‌نگاو و ڕێكاره‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پشتگیریى خۆى بۆ گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵى و حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و دووباره‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ وه‌ستانى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ داهاتى گشتیى عێراق گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌رچى زووترى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كورستانی، به‌ گرنگ و پێویست زانى.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى نه‌وتى عێراق، جه‌ختى له‌ خواستى جددیى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانى كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنى كێشه‌كان و ده‌سپێكردنه‌وه‌ى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها پو‌خته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجامى گفتوگۆكانى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، خسته‌ ڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار