٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دارا رەشید: کابینەی نۆیەم سەرچاوەکانی ئاوی زیادکردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری پلاندانان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەم دەیان بەنداو و پۆندی دروستکردووە بەمەبەستی زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆکردنەوەی ئاوی باران و کانیەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانى پڕۆژه‌ى (رووپۆش و به‌كارهێنانى زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان)، رایگەیاند: "جێگەی داخە لە ناوچەکەمان کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی، چەند ساڵێکە تووشی بەرکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە".

دارا رەشید ئەوەشی خستەڕوو، "وەکو وەزارەتی پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کەمی داهاتەکان و كێشەی جۆراوجۆر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە رووی داراییەوە، کارمان کردووە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک و پۆند لەو شوێنانەی دەکرێت تێیاندا دروست بکرێن، لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆکردنەوەی ئاوی باران و کانیەکان تا بەفیڕۆ نەچن".

بە گوتەی وەزیری پلاندانان، "وشکەساڵی یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکان کە پێویستە رێگەی زانستی گونجاو بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی، تاوەکو ئاییندەمان و ئاییندەی نەوەکانمان لە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر بارودۆخێکی نەخوازراو".

دارا رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، "بەداخەوە ئێستا لە باشووری عێراق سەدان خێزان بەهۆی وشکەساڵی تووشی گرفتی گەورەبوون و ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شوێنی دیکە و، لەوە ناچێت ئەم کۆچە ناچارییە بەم نزیکانە بوەستێت".

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژینگەی وەكوو پرسێكی ستراتیجی و گرنگی هەرێمی كوردستان هەژمار كردووە و لەڕووی هۆشیاری و پەروەردەیی و یاسایی، بەردەوام كار بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و گەشەپێدانی دەكات. ئەمە جگە لە بەشدارییە نێودەوڵەتییەكانی ئەو بوارە و بەشداریكردن لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهان وەكوو هەڕەشەیەكی فرەڕەهەند لەسەر وڵاتان.

هەواڵی پەیوەندیدار