مەحموود گەرگەری: دەمانەوێ ببینە جێی متمانەی دەنگدەرانی نەینەوا

کاندیدێکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دەمانەوێ ببینە جێی متمانەی دەنگدەرانی نەینەوا و خەڵکی ئەو ناوچانەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی پارتی نین دەزانن چەند جیاوازی ھەیە.
مەحموود خەلیل گەرگەری، کاندیدی ژمارە ١٤ی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: خەڵکی رۆژئاوای دیجلە بە پەرۆشەوە بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، ئەو خەڵکەی لەو ناوچانەیە کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی پارتی نییە دەزانن دەسەڵاتی پارتی چەند جیاوازە لەگەڵ ئەوانی دیکە، لەبەر ئەوەی خەڵک لەژێر دەسەڵاتی پارتی ھەست بەوە دەکات سەقامگیری ھەیە.
کاندیدی ژمارە ١٤ی لیستی پارتی لە نەینەوا دەشڵێ: ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەین و لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە پارتی پێگەیەکی بەھێزی جەماوەری لە ناوچەی ئێمە هەبووە ھەر لە زومارەوە بگرە تا سنووری سووریا، چەندین سەرکردە و شەھیدمان بوونەتە قوربانی کوردستان.
مەحموود خەلیل گەرگەری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەگەر متمانەی ھاووڵاتییانی نەینەوا بەدەست بێنین ئەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەخزمەت ھاووڵاتییاندا دەبین و بەوردی چاودێری کارەکانی حکوومەت دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگاتە ھەموو ناوچەکانی نەینەوا، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کەمتر خزمەت کران.
قائید میرۆ




