ئەمڕِۆ دەبێتە ھەشت ساڵ شنگال ئازادکراوە

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگال ئەنجامدرا و شارۆچکەی شنگال لە تیرۆرستانی داعش پاککرایەوە، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ: سەرۆک بارزانی ڕاستەخۆ بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگالی کرد.
ڕۆژی ١٢/١١/٢٠١٥ ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگە بە پالپشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ سەر شارۆچکەی شنگال دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا شنگال ئازادکرا کە حەوت ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کرد.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان پلانی ئازادکردنی شارەکەی دانا و ڕۆژی ١٢ی مانگ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ھێزی پێشمەرگە بۆ شنگال بەڕێوەچوو، داعش نەیتوانی بەرگریەکی ئەوتۆ بکات، پێشمەرگە توانی لە یەک ڕۆژدا شارۆچکەی شنگال ئازاد بکات.
قاسم شەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: سەرۆک بارزانی ھەر دەستپێکی ھێرشی داعش بۆسەر کوردانی ئێزدی و شنگال بەردەوام لەسەر خەت بوو، لە ڕۆژی ئازادکردنی شنگالیش خودی خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆن و بەرەکانی شەڕی دەکرد، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی پێشمەرگە سەنگەری بەرامبەر داعش جێگیر کردبوو سەرۆک بارزانی کوڕەکانی ناردبووە بەرەکانی جەنگ.
قائید میرۆ




