دەست بە نوژەنکردنەوەی ڕێگای خنس بۆ مرێبا کراوە

دهۆک_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی دهۆک گوتی: بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 350 ملیۆن دینار دەست بە نوژەنکردنەوەی ڕێگای خنس بۆ مرێبا کراوە و ڕێژەی ئەنجامدانیش گەیشتۆتە 55% و بەردەوام کاریشی تێدا دەکرێت.
ئەندازیار شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی ڕێگای گەلی خویدا بۆ پردی خنس تا مرێبا و قەسرۆک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە سێ قۆناغ تەواو دەکرێت، ئێستا قۆناغێکی بە درێژایی 5کم جێبەجێ دەکرێت.
ئەندازیار شێرزاد قادر گوتیشی: قۆناغی یەکەم نوژەنکردنەوەی ڕێگای گەلی خویدا بۆ پردی خنسە و 7.8 کم دەبێت، بە گوژمەی ملیارێک و 999ملیۆن و937هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، ئەوەیان هێشتا دەستپێنەکراوە و دەرخستەی بۆ ئامادەکراوە، قۆناغی دووەمیش دوو قۆناغە یەکەم نوژەنکردنەوە پردی خنس بۆ مرێبا 5کم دەبێت لەلایەن کۆمپانیای ڕێژین بە گوژمەی ملیارێک و 359 ملیۆن و 790 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت و 55%ی ئەنجام دراوە.
قۆناغی دووەمیش نوژەنکردنەوەی ڕێگای پردی خنس بۆ مرێبایە و 5کم دەبێت، بە گوژمەی 2 ملیار و 267 ملیۆن و 537 هەزار و 700 دینار جێبەجێ دەکرێت، ئەویش دەرخستەی بۆ ئامادەکراوە، قۆناغی سێیەم نوژەنکردنەوەی ڕێگای مرێبا بۆ قەسرۆکە و 10.2کم دەبێت، بە گوژمەی ملیارێک و 810 ملیۆن و 850 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، ئەویش دەرخستەی بۆ ئامادەکراوە.
بڵند ئیبراهیم




