پارتی: ئەمڕۆ بە فەرمی دەست بە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەین

نەینەوا-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لە مووسڵ دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، مەراسیمێک بەڕێوە دەچێت و کاندیدانی پارتی بە جەماوەری سنووری پارێزگای نەینەوا دەناسێندرێن.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکردووە و کاندیدانی ئێمەیش دەستیان بە بانگەشە کردووە، بەڵام وەک حزب ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەکەین".
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی غاباتی مووسڵ مەراسیمێک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت و تێیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسان و جەماوەری پارتی، ھەموو کاندیدانی پارتی بە جەماوەری پارێزگای نەینەوا دەناسێندرێن".
حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چونکە ماوەی بانگەشە زۆرە، دەتوانین لەمەودوا بە شێوەیەکی بەربڵاو بچینە نێو خەڵک و دەنگدەران، بۆ ئەوەی متمانەی دەنگدەرانی سنوورەکە بەدەست بێنین، لیستی پارتی و کاندیدانیشی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بانگەشەی خۆیان بەڕێوە دەبەن و دڵنیاین لەوەی پارتی ھەر ئەو ھێزە دەبێت کە لە جەماوەر دروست بووە و ھەر بە موڵکی خەڵکیش دەمێنێتەوە".
قائید میرۆ




