٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری نەوتی عێراق: هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکوومەتەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر هەردووکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە. 

حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بە مەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت".

وەکو ئەوەی حەیان عەبدولغەنی باسی کرد، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکوومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن".

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین".

لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ تورکیا لەیەکتێگەیشتنمان هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

هەواڵی پەیوەندیدار