کەریم سلێمان: ئەمساڵ بۆ کشتوکاڵ ساڵێکی باش دەبێت
__2023_11_11_h16m57s34__ER.jpg)
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێی وایە، ئەمساڵ بۆ بەرھەمی کشتوکاڵ ساڵێکی باش دەبێت و دەشڵێ: لە عێراق یازدە ملیۆن دۆنم زەوی بۆ چاندنی بەرھەمی زستانە بەکاردێت، لەھەرێمی کوردستانیش سێ ملیۆن دۆنم زەوی دەچێندرێت، بە تایبەتی بۆ بەرھەمی گەنم.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ساڵی ڕابردوو ساڵێکی باش بوو بۆ بەرھەمی کشتوکاڵ، بەتایبەتی بۆ بەرھەمی گەنم، بەپێی پێشبینییەکان ئەمساڵیش ساڵێکی باش دەبێت و ڕێژەیەکی زۆری باران دەبارێت، ئەگەر بەراوردیش بکەین ئەمساڵ تا ئێستا ڕێژەی باران بارین زیاترە لە ساڵی رابردوو، ئێستا جووتیاران ئامادەکاری بۆ وەرزی چاندنی بەرھەمی زستانە دەکەن کە دەشڵێین بەرھەمی زستانە زیاتر گەنم دەگرێتەوە.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردوە ئەمساڵ یازدە ملیۆن دۆنم زەوی بۆ بەرھەمی زستانە بەکاردێت بە ھەموو جۆرەکانیەوە، بەڵام زیاتر بەرھەمی گەنم دەچێندرێت و لەھەرێمی کوردستانیش سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەکاردێت بۆ بەرھەمی زستانە و گەنم.
کەریم سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: جووتیاران ئاگادار کراونەتەوە خۆیان لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ تۆمار بکەن بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی بەرھەمی خۆیان بدەنە حکوومەت، چونکە وەرگرتنی بەرھەمی گەنم لەسەر بنەمای تۆماری جووتیاران دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەو جووتیارانەی خۆیان تۆمار ناکەن ئەوە بێبەش دەکرێن لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ساڵی داھاتوو، چونکە ئەمساڵ زۆرترین بەرھەمی گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و پارەی کڕینی گەنمی خۆیان وەرگرتوە.
قائید میرۆ




