سامان عارەب: پرۆسەی بەناوکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان دەستی پێکردوە
__2023_11_11_h16m35s26__ER.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ھەولێر زیاتر لە ١٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون ھەن و مۆڵەتیان لە وەبەرھێنان وەرگرتوە، بەبڕیاری حکوومەت پرۆسەی تاپۆکردنی ئەو یەکانە دەستپێکراوە و لیژنەیەکی تایبەتیش پێکهاتووە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەولێر زیاتر لە ١٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون ھەنە، مۆڵەتیان لە دەستەی گشتی وەبەرھێنان وەرگرتوە و ٥٦ پڕۆژەی وەبەرھێنان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە واتە شوقە و ڤێلاو خانوو .. خەڵکی تێدا نیشتەجێیە، لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندارەکان پێکھاتووە بۆ تاپۆکردن و بەناوکردنی ئەو یەکانە و خەمڵاندنی بۆ دەکەن، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی وەبەرھێنان تاپۆ دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتیشی: لە سنووری ھەولێر تا ئێستا شەش ھەزار و ٦٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بەناوکراون، دوازدە ھەزار یەکەی دیکەیش لە قۆناغی ئامادەکردنن بۆ بەناوکردن، پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی بەناوکردن دوو ھێندە بەرزبێتەوە.
سامان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەولەویەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵە، بە بڕیاری حکوومەت پاڵپشتی ئەو پڕۆژانە دەکرێت لەو دوو کەرتەدا جێبەجێ دەکرێن، چونکە حکوومەت دەیەوێ زیاتر کار لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکان بکات لە کەرتی وەبەرھێنان.
قائید میرۆ




