٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خه‌ڵكی کەرکووک پشتیوانی لە لیستی پارتی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

پارتی دیموكراتی کوردستان به‌ گڕوتینه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك بانگه‌شه‌ ده‌كات، پشتیوانی خه‌ڵكی كه‌ركووكیش بۆ پارتی تا دێت فراوانتر ده‌بێت، هه‌ر بنكه‌یه‌كی بانگه‌شه‌ی به‌ربژێرانی پارتی تا دێت قه‌ره‌باڵغتر دەبن و خه‌ڵك زیاتر ڕوویان تێ ده‌كات.

جیاوازیی لیستی پارتی لەگەڵ لیستەکانی دیکە له‌ كه‌ركووك ئه‌وه‌یه‌ ڕاسپێردراون بانگەشەیەکی ئارام و بێ کێشە ئەنجام بدەن، تا بتوانین دەنگی کورد و نەتەوەکانی دیکەی شارەکەش بەدەست بێنین، پارتی پەیامی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتی بۆ شارەکە پێیە، هه‌ر بۆیه‌ لیستی 197ی پارتی زۆرترین ئومێدی لای كه‌ركووكییه‌كان دروستكردووه‌، لوقمان كاكه‌یی ، په‌رپرسی ڕێكخستنی لقی 3ی پارتی بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: لە بەرنامەی لیستەکەماندایە ئەم دۆخە نالەبارەی بەسەر کەرکووکدا هاتووە، بیگۆڕین و بیگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی، چونکە شەش ساڵە عەسکەرتارییەت حوکمی كەركووك دەکات، دەبێ چالاکیی سیاسی و پێکەوەژیان و تەبایی بەرپا بکەین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌هۆی به‌هێزی لیستی پارتییه‌وه‌ دڕاندنی پۆستەری بەربژێرانی پارتی لە كەركووك، كارێكی ڕێكخراوە و هەڵمەتێك دەستی پێكردووە بۆ لێكردنه‌وه‌ و دڕاندنی پۆستەری بەربژێرەكانمان، دەیانەوێ بە هەر شێوەیەك بێت ڕێگە نەدەن پارتی لە كەركووك كورسی بهێنێت، لە كاتێكدا خەڵكی كەركووك بە گەرموگوڕییەكی یەجگار زۆرەوە پێشوازی لە پارتی دەكەن. هەموو حزبەكان سەریان لەو پێشوازییە گەرمەی خەڵكی كەركووك بۆ پارتی سوڕماوە.

هاوكات ئه‌حمه‌د گلی، ڕاوێژكاری (ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك _ گه‌رمیان)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هەڵبژاردن ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە و میکانیزمێکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هاونیشتمانیان ویستی خۆیان دەربڕن و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن, دەکرێت ئاستەنگ و کەموکورتی لە سیستمەکانی هەڵبژاردندا هەبێت، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هەڵبژاردن ڕەوایه‌تی بە دامەزراوە ئیدارییه‌كان و حكوومه‌تی ناوه‌ندیی خۆجێیه‌كان دەدات.

گوتیشی: من پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بە ده‌ره‌فه‌ت ده‌بینم بۆ كورد، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر یه‌كه‌م ده‌رفه‌ته‌ كورد بتوانێت له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ و دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر به‌نوێنه‌ری خۆیی هه‌ڵبژارێت و كۆتایی به‌م دۆخه‌ ناهه‌موار و ناله‌باره‌ و ئه‌م پارێزگاره‌ نایاسایی و شۆڤێنییە سه‌پێندراوه‌ بهێنێت.

ڕایشیگه‌یاند: ئاشكرایه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان واتا ( كورد، كوردایه‌تی، خاوه‌ندارێتی دۆزی ڕه‌وای كورد)، سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆتایی هێنانه‌ به‌م زوڵم و سته‌م و ته‌عریبه‌ی له‌دوای  16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌رۆكی كوردانی كه‌ركووك و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ و لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای كه‌ركووك ته‌نیا گوزارشت له‌پارتێكی سیاسی ناكات، به‌ڵكو لیستی هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و نشتیمانپه‌روه‌ره‌ و گوزاره‌شت له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی كه‌ركووك دەکات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار