کاندیدی ژمارە3ی پارتی لە کەرکووک: سەردەکەوین

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 3ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بەم نزیکانە لە بابەگوڕگوڕەوە تیشکی سەرکەوتن دەگاتە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دڵنیاتان دەکەینەوە پارێزگای کەرکووک هەمیشە شاری پێکەوەژیان بێت و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکان پێکەوە بژن.
کاندیدی ژمارە 3ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، عەدنان محەمەد حەسەن، ناسراو بە عەدنان کاکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەم نزیکانە لە باوەگوڕگوڕەوە تیشکی سەرکەوتن دەگاتە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەم نزیکانە ئیرادەی هاووڵاتییانی کەرکووک سەردەکەوێ و برینەکان ساڕێژ دەکرێن، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە پارێزگای کەرکووک هەمیشە شاری پێکەوەژیان بێت و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکان پێکەوە بژن و دەست لەناو دەست کار بۆ ئایندەی گەشی پارێزگاکەیان بکەن لە پێناو سەرخستنی دادپەروەری و گرنگیدان بە خۆشگوزەرانی و بژێوی هاووڵاتییانی سەربەرزی پارێزگاکە.
عەدنان کاکەیی باسی لەوەشکرد: پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حزبێکی تێکۆشەر هەمیشە لە پێناو مافە سەرەکییەکانی شارەکە خەباتی کردووە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئامانجەکانی خۆی دیاری دەکات بە جەختکردن لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و ساڕێژکردنی برینەکانی ١٦ی ئوکتۆبەر و چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی پارێزگاکە بە پشتبەستن بە بڕگە دەستووری و یاساییەکان.
کاکەیی ڕوونیشی کردەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە مێژەوە بەڵێنی ئەوەی داوە و خەبات لە پێناو کەرکووک بکات و هەموو ڕێگا دەستوورییەکانی گرتۆتە بەر لە پێناو گەڕانەوەی مافە ڕەواکان و کۆتایی هێنان بە نەهامەتییە کەڵەکەبووەکانی هاووڵاتییانی پارێزگاکە و ئێمە وەکو کاندیدی پارتی دیموکراتی کورستان و هاووڵاتییەکی پارێزگای کەرکووک بەڵێن دەدەین بەبێ فەرق و جیاوازی خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییانی شارەکە بکەین و هەمیشە دەرگامان واڵا بێت بە مەبەستی گوێگرتن لە کێشە و داواکاری سەرجەم هاووڵاتییان بە کورد و تورکمان و کلد و ئاشور و عەرەبەوە.
دەشڵێت: بەڵێن دەدەین دەرگاکانمان واڵا بێت و بەبێ فەرق و جیاوازی و کار بۆ گەڕانەوەی مافی هاووڵاتییان بکەین و کێشە و پرسەکانی هاووڵاتییان بایەخی زۆری هەبێ لامان و هەوڵێکی جدی بۆ چارەسەرکردنیان بدەین.
بڵند ئیبراهیم




