٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای ھەنار ئامادەکاری بۆ ھەناردەکردنی سێو بۆ دەرەوە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی خۆیدا گرنگی زۆر بەکەرتی کشتوکاڵ دەدات و بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیاران لە دەرەوە دەدۆزێتەوە، ئێستا دوای ھەناردەکردنی چەندین جۆری بەرھەم ئامادەکاری دەکرێت بۆ ھەناردەکردنی سێو بۆ دەرەوەی وڵات.

ئەحمەد جەمیل، بەرێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و ھەموو ھاوکاریەکی ئێمە و جووتیارانیش دەکات و بەردەوامیش کار دەکات بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ لە دەرەوە و لە ناوخۆش، ھاوکات تا ئێستا چەندین جۆری بەرھەم ھەناردەی دەرەوە کراون و ئێستا دەست بەئامادەکاری کراوە و لە قۆناغی داگرتنی سێو داین بۆ ئەوەی ھاوشێوەی بەرھەمەکانی دیکە ھەناردەی دەرەوە بکرێت، کە ئەمەش پاڵپشتیەکی زۆر گەورەیە بۆ جووتیاران و بوژانەوەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵە لە ھەرێمی کوردستان".

ئەحمەد جەمیل گوتیشی: "ئەو سێوانەی کە باش و بەکەڵکی ئەوە دێن بۆ ئەوەی ھەناردەی دەرەوە بکرێن جیادەکرێنەوە و دەست بەھەناردەکردنی دەکەین، بەڵام جارێ دیار نیە رێژەی ھەناردەکردنی چەند دەبێت، بەڵام یەکەم وڵات سێوی بۆ ھەناردە دەکەین وڵاتی ئیماراتە، بۆیە سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم دەکەین ھەمیشە پاڵپشتی ئێمە دەکات و ھاوکارە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، ھەناری خۆماڵی زاخۆ و ھەڵەبجە خراونەتە نێو سندووقی تایبەتەوە و ھەناردەی بازاڕەکانی فەرەنسا و بەریتانیا کران.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دھۆک لە سنووری پارێزگای دھۆک، زیاتر لە حەوت ھەزار دۆنم زەوی بە سێو چێندراوە و بەرھەمیشی ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 10 ھەزار تەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار