لە بەردەڕەش زیاتر لە 20 پڕۆژەی بواری پەروەردە لە جێبەجێکردن دان

بەردەڕەش-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتی، لە سنووری قەزای بەردەڕەش زیاتر لە 20 قوتابخانە دروستدەکرێن و نۆژەندەکرێنەوە و پۆلیان بۆ زیاد دەکرێت، بۆیە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەین ھەمیشە خەمخۆری کەرتی پەروەردە بووە و ھاوکار و پاڵپشتمان بووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش، مەھدی خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئێستا حەوت قوتابخانە دروست دەکرێن، لەوانە یەکێکیان 18 پۆلییە لەسەنتەری قەزا و 12 پۆلییەک لە دۆستەک و کانیلان و شەش پۆلییەک لە روڤیا و لە بیۆک، ھەروەھا 12 پۆلییەک لە قەرەناز، بۆیە ئێستا حەوت قوتابخانە لە بواری جێبەجێکردن دان و دروستدەکرێن و ھەر یەکێکیش لەوانە بەرێژەیەک دروست کراون".
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتیشی: "ئەو قوتابخانانەی لە سنووری قەزای بەردەڕەش نۆژەندەکرێنەوە ھەشت قوتابخانە لەسەر بوودجەی وەزارەتی پەروەردە نۆژەندەکرێنەوە، ئەوانیش قوتابخانەی بەنێنانی کچان و قوتابخانەی ئەیلوول و بەردەسۆر و قوتابخانەی ئۆمەرسێنان و گەلوک و قوتابخانەی ئامادەیی دولێجان و قوتابخانەی بەھرەوان فەقێ و سێ ژووریش بۆ قوتابخانەی ئامادەیی روڤیا زیاد دەکرێت، بەشێک لەوانە تەواو بوونە و بەشێکیش لە بواری جێبەجێکردن دان".
ناوبراو دەشڵێت: "دوو قوتابخانەی دیکەش لەسەر بوودجەی گەشەپێدان نۆژەندەکرێنەوە، ئەوانیش قوتابخانەی دوو گوندانی گەورە و قوتابخانەی شێخانۆک سورچی".
مەھدی خەلیل باسی لەوەشکرد: "ئەو قوتابخانانەی لەسەر بوودجەی پارێزگای دھۆک دروست دەکرێن، دروستکردنی سێ ژوور بۆ قوتابخانەی دوو گوندانی گەورە و سێ ژوور بۆ قوتابخانەی بەنێنانی کچان و سێ ژوور لە قوتابخانەی دووسەرە و سێ ژوور لە قوتابخانەی چیا زەردک، بۆیە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکار بووە بۆ کەرتی پەروەردە".
بڵند ئیبراھیم




