پڕۆژەی پیشەسازی خۆراک لە سێمێل ھەزاران ھەلی کار دەڕەخسێنێ

پڕۆژەیەکی ستراتیژی پیشەسازی خۆراک لە سنووری قەزای سێمێلی پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێت و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: پڕۆژەکە ھەزاران ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییانی سنووری قەزای سێمێل دەڕەخسێنێ.
خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای سێمێل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پڕۆژەی پیشەسازی خۆراک لە سنووری قەزای سێمێل چووەتە بواری جێبەجێکردن و لەسەر ئاستی عێراق یەکێکە لە ناوچە پیشەسازییەکانی خۆراک کە چەندین کارگە و کۆگای خۆراک لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی جێبەجێ دەکرێت، ژمارەیەکی زۆری کارگەی پیشەسازی خۆراکی تێدا دەکرێنەوە.
قایمقامی سێمێل گوتیشی: پڕۆژەی پیشەسازی خۆراک لە سێمێل دوای تەواوبوونی ژمارەیەکی زۆری ھەلیکار دەڕەخسێنێ بۆ ھاووڵاتییان، چونکە ھەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کارگە و کۆگای بازرگانی و پیشەسازی پێویستی بە ھێزی مرۆڤی ھەیە و بە ھەزاران ھەلی کار پەیدا دەبێت.
خەلیل مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێستا قەزای سێمێل بووەتە ناوچەیەکی پیشەسازی لە پارێزگای دھۆک و زۆربەی کارگە و پڕۆژەکانی پیشەسازی لە سنووری قەزای سێمێل جێبەجێ دەکرێن، ئەوەیش کاریگەری لەسەر ژێرخانی قەزاکە دەبێت و ھەلی کار زیاتر دەبێت بۆ ھاووڵاتییانی سنووری دھۆک بەگشتی و قەزای سێمێل بەتایبەتی.
قائید میرۆ




