٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سنۆبەر جەوھەر: کاندیدانی پارتی نوێنەری راستەقینەی خەڵکن

سەرچاوە: KDP.info

کاندیدێکی پارتی لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرایکرد: بەھۆی خەبات و قوربانیدانی پارتی ھەموو پێکھاتەکان و تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی لایەنەکانی دەرەوەی پارتیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن.

سنۆبەر جەوھەر، کاندیدی ژمارە  ٣٢ی لیستی ١٩٧ی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: جەماوەری پارێزگای نەینەوا بەگشتی و بەتایبەت سنووری دەڤەری مەخموور پاڵپشتی لیستی ١٩٧ی پارتی دەکەن و ڕۆژانە ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکە پێشوازی لە کاندیدانی پارتی دەکەن خۆم سەردانی چەندین خانەوادەی عەرەبی ناوچەکەم کردووە و بەڵێنیان پێداوین دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

کاندیدی ژمارە ٣٢ی پارتی گوتیشی: خەڵک ھەبووە سەر بە لایەنی دیکەی سیاسی بووە، بەڵام پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە و ئامادەیی نیشانداوە دەنگ بە ئێمە بدات، بێگومان ئەوەیش بەھۆی خەبات و قوربانیدانی پارتییە بۆ ھاووڵاتییان، چونکە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە خەڵکی ئەو ناوچانە بۆیان دەرکەوت کێ بەرگرییان لێ دەکات، ھەر لە شەڕی داعشەوە تا گەیاندنی خزمەتگوزاری و بەرگری لە جووتیاران و پاراستنی پێکەوەژیانی پێکھاتەکان.

سنۆبەر جەوھەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمەیش ھاووڵاتییان و دەنگدەرانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، لە ھەر شوێنێک نوێنەری پارتی ھەبێت ئەوە نوێنەری ڕاستەقینەی ھاووڵاتییان بووە و لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەندامانی پارتی بەرگریکاری سەرسەختی ھاووڵاتییان دەبن، لەبەر ئەوەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی وای پەروەردەکردووین ھەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک بزانین.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار