سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دوو نامەی فهرمیی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێرێت

بەغدا-KDP.info- ئومێد سەباح رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی و رەوانەکردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دوو نامەی بۆ سوودانی ناردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، رایگەیاند، "مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو نامەی فەرمی لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە".
بەگوتەی ئومێد سەباح، "لە نامەی یەکەمیدا، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، ئەو 700 ملیار دینارەی بڕیاردراوە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، لەکاتی خۆیدا بگاتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا دابەش بکەن". دەشڵێت: "ئومێد دەکەین ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدرێت".
وەکو ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەکات، "نامەی دووەمی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 15 رۆژ پێش ئێستا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێردراوە و، تێیدا بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بابەتەکانی دیکە خراوەتەڕوو".




