ساماڵ عەبدولڕەحمان: داوامان کردووە حەوت دەروازە لەلایەن بەغداوە بەفەرمیی بناسرێن

بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم ئاشکرایکرد: حەوت دەروازەی فەرمیی و بارزگانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام لای حکوومەتی فیدڕاڵ فەرمیی نین، داوامان کردووە ئەوانیش بەفەرمیی بناسرێن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حەوت دەروازەی فەرمیی و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەلایەن ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەروازەی فەرمیی و بازرگانین، بەڵام ھێشتا لای حکوومەتی فیدڕاڵ فەرمیی نین بۆیە داوامان لە بەغدا کردوە پێداچوونەوە بکرێت لەو دەروازانە، ئەگەر کێشەیان نەبێت بە فەرمیی بیانناسێنن، ئەگەر کەم و کۆڕیان ھەیە ئاگادارمان بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان لە ڕێگەی ئەو دەروازانەوە کار دەکەن و بژێوی ژیانیان لەسەر دەروازەکانە، چونکە ئالوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی کردنەوەی دەروازەی نوێ ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی: ئێستا خەریکی بەفەرمی کردنی ئەو حەوت دەروازانەین لەلایەن بەغداوە، دەروازەی نوێ لە ئارادا نییە، ئەگەر پێویست بکات دەروازەی دیکە بکرێتەوە ئەوە بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات.
قائید میرۆ




