پارتی لە کەرکووک: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک چاک بکەین
_(1)__2023_11_06_h16m15s15__ER.jpg)
کەرکوک_KDP.info_ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکات، ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت: خەڵکی کەرکوک ئومێدێکی زۆریان بە پارتی هەیە، ئێمەش بەڵێن دەدەین هەموو تواناکان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا چاک بکەین.
ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، سامان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە 1/11دەستی پێکردووە و تا 15/12بەردەوام دەبێت، کاتێکی زۆرە و ئێمەش دەستمان پێکردووە، بەڵام بەداخەوە دەبینین بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەندێک پۆستەر و فلیکسی کاندیدانی ئێمە لێکراوەتەوە و دڕێندراون، ئێمە ڕێکاری یاساییمان گرتۆتە بەر و سکاڵامان لای کۆمسیۆن تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەوکارەیان کردووە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر و ڕاپێچی دادگا بکرێن، ئەو بانگەشەیە تەنها وێنە و فلێکس نییە ئێمە ساردبکاتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین و لەناو دڵی جەماوەری کەرکووک داین و ئومێدێکی زۆریان بە ئێمە هەیە، بۆیە هەموو ڕێکارێک دەگرینە بەر، دەمانەوێ بانگەشەیەکی هێمنانە بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان بە هەموو دەنگدەرانی شارەکە بگەینین.
سامان حوسێن گوتیشی: خەڵکی کەرکووک چاوی لەوەیە پارتی بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و دوێنێش خەڵکێکی زۆر بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کرد، چونکە خەڵکی کەرکووک ئومێدێکی زۆریان بە پارتی هەیە و چاویان لەوەیە لە ئایندەدا ئێمە کارێکیان بۆ بکەین، ئەو دۆخەی لە دوای 2017 دروست بووە بیگۆڕین بۆ دۆخێکی باشتر، بۆیە بەڵێن دەدەین هەموو تواناکانی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا چاک بکەینەوە و باشتری بکەین.
بڵند ئیبراهیم




