کاوە عەزیز کاندیدی پارتی لە نەینەوا: لیستی پارتی یەکەمە و زۆرترین دەنگ بەدەست دێنین

کاندیدێکی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا پێی وایە، لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیستێکی بێ ڕکابەرە و ژمارەیەکی بەرچاوی دەنگی ھاووڵاتییان بەدەست دێنێ لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
کاوە عەزیز، کاندیدی ژمارە ١٠ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لیستی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەنگی بەرچاو بەدەست دێنێ، چونکە خەڵکی ناوچەکە متمانەیان بە کاندیدانی پارتی ھەیە و دەزانن ئەگەر لیستی ١٩٧ی پارتی کورسی زیاتر بەدەست بێنێ دەتوانێ زیاتر خزمەت و بەرگری خەڵکی سنووری پارێزگای نەینەوا بکات، لەبەر ئەوەی ھەر پارتیی لەکاتی تەنگانە بەرگری لە خەڵک کردووە.
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: رۆژانە ئێمە لەناو خەڵکداین و پێشوازیەکی زۆر گەرم لە کاندیدانی پارتی دەکرێت، بەتایبەتی لەو سنوورەی ئێستا ئێمە زیاتر چووینەتە نێو جەماوەر سنووری قەزای مەخموورە، پارتی لە ڕابردوودا زۆر بەرگری لەو قەزایە کردووە بەرھەمەکەیشی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەچنینەوە.
کاوە عەزیز کاندیدی ژمارە ١٠ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی: لە سنووری ئێمە لیستی نوێ لەم ھەڵبژاردنە بەشدارییان کردووە، بەڵام دڵنیاین پارتی چۆن لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بێ ڕکابەربووە لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەش ھەر ھێزی یەکەم دەبێت و دەنگێکی زۆری ھاووڵاتییان بەدەست دێنێ.
قائید میرۆ




