کێشەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک چارەسەرکران

دهۆک-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کێشەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ناو شاری دهۆک چارەسەرکران و لە ئەمڕۆوە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە. دەشڵێت، رێگە نادەین مافی هیچ بەڵێندەر و هاووڵاتییەک بفەوتێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند: "کێشەی زۆرینەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای دهۆک چارەسەرکراون. دەزگای خێرخوازی بارزانی سازشی لەسەر زۆرێک لە مافەکانی کردووە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون. وەکو سەرۆکایەتیی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەموو پڕۆژەکانی دیکەی نیشتەجێبوون لە سنووری ئەم پارێزگایە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەموو کێشەکانی هاووڵاتییانمان لە پارێزگای دهۆک چارەسەربکرێن و، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەو کێشانەمان چارەسەرکردن. ئەو پڕۆژانەی کێشەیان هەبوو، دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە. بەتایبەت پڕۆژەی ئاریا سیتی کە پێش دوو هەفتە دوو باڵەخانەی ڕادەستی هاووڵاتییان کردووە و دوو باڵەخانەی دیکەش لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ڕادەست دەکات".
گوتیشی: "ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، لە نوێنەری ژمارەیەک دامودەزگای پارێزگای دهۆک، لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی مافی بەڵێندەر و هاووڵاتییان نەفەوتێت".
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2006ـەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و زیاتر لە نیوەیان لە هەولێر بووە. لە هەمان ماوەدا زۆرترین ڤێلا لە هەولێر دروستکراوە کە 10 هەزار و 751 ڤێلایە لە سلێمانی سێ هەزار و 599 ڤێلا و لە دهۆک 595 ڤێلا دروستکراون، لە هەڵەبجەش هیچ ڤێلایەک دروستنەکراوە.




