٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدی ژمارە 2ی پارتی لەکەرکووک: هەبوونی پارتی لە کەرکووک پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ خەڵک

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە دووی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ئێمە وەک کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامین لە بانگەشەیەی هێمنانە و بەپێی رێنماییەکان بانگەشە دەکەین، بەڵام وێنە و پۆستەرەکانی ئێمە لێدەکرێتەوە و دەدڕێندرێن، هۆکارەکەشی ئەوەیە دەزانن پارتی کاریگەری هەیە و ترسیان لەپارتی هەیە.
مەسعود مەلا پەروێز، کاندیدی ژمارە دووی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بانگەشەی هەڵبژاردن باش بەڕێوە دەچێت و بەردەوامین لەسەر بانگەشەی خۆمان، بەڵام وێنە و پۆستەرەکانی کاندیدانی پارتی لێدەکرێتەوە و دەدڕێندرێن، ئەمەش دیاردەیەکی ناشارستانی و ناشرینە ، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ململانێی توند هەیە و ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەداین بانگەشەیەکی ئارام هەبێت،  لەکەرکووکیش چەند پێکهاتە و نەتەوە و پارتی تێدایە، بۆیە گەڕانەوەی پارتی کاریگەری دروستکردووە و ترسێک لەپارتی هەیە لە گەڕانەوەی بۆ ئەو شارە، بەهۆی ئەوەی پارتی قورساییەکی زۆری هەیە و هەمووپێکهاتەکان ڕێز لە پارتی دەگرن بەهۆی ئەوەی خزمەتی هەمووان دەکات بێ جیاوازی.
مەسعود مەلا پەروێز گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بارەگاکانی خۆی وەرگرتەوە، هەبوونی بارەگای لقی 3ی پارتی لە کەرکووک زۆرگرنگە و دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ئەو خەڵکەی شەش ساڵە تەعەدای لێ دەکرێت، چونکە خەڵک لە کەرکووک هەستی بە بێکەسی دەکرد، ئێستا کە پارتی دەگەرێتەوە پشتگیریکردنە لە خەڵکی کەرکووک بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەوشارە.
مەلا پەروێز باسی لەوەشکرد: پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیاری سەرۆک بارزانی بارەگای ئەنجوومەنی پێشووی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک پێشکەشی زانکۆی شارەکە کرد ، ئەمەش وای کردووە خەڵکی کەرکووک بەو هەنگاوەی پارتی و بارزانی زۆر دڵخۆش بن.
گوتیشی: لەمیانەی بانگەشە و بەسەرکردنەوەی خەڵک لە کەرکووک پێشوازییەکی زۆر باش لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، چونکە دەزانن پارتی خۆی بە خاوەنی کەرکووک و هەموو پێکهاتەکان دەزانێت و خزمەتی هەمووانیش بێ جیاوازی دەکات.

بڵند ئیبراهیم  

هەواڵی پەیوەندیدار