سەیدۆ چەتۆ : پارتی دەیەوێ زۆرینەی دەنگ بێنێت
__2023_11_05_h15m34s12__ER.jpg)
مووسڵ_KDP.info_ بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە بانگەشە کردووە و لە هەموو پێکهاتەکان کاندیدمان هەیە، چونکە گرنگە خەڵک دەنگ بە پارتی بدات بۆ ئەوەی خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی، ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمنی و خزمەتکردنی خەڵک بۆ مووسڵ بگوازێتەوە.
سەیدۆ چەتۆ ، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بانگەشە بۆ لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستی پێ کردووە، ئێمەش وەکو پارتی کاری خۆمان دەکەین و ئەمجارە بارەگامان لە مووسڵ هەیە و لەناو خەڵکی خۆمانین و کاندیدەکانیشمان لە هەموو پێکهاتەکانن و بەشێوەیەکی یاسایی و هێمنانە کاری خۆمان دەکەین.
سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: زۆر گرنگە ئەمجارە خەڵک دەنگ لەو ناوچانە بداتە پارتی بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2013 تا 2019 لیستی پارتی بەناوی برایەتی و پێکەوەژیان بوو ئێستا لیستی ئیرادە و برایەتییە و دەمانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ مووسڵ، لەڕووی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی مووسڵ، بۆیە گرنگە خەڵک جارێکی دیکە متمانە بە پارتی بکات بۆ ئەوەی ئەو خزمەتەی بۆیان کراوە لەڕێگەی ئێمە زیاتر بێت، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی و خۆشی بە خەمخۆری هەموو پێکهاتەکان دەزانێت، هەر بۆیەش پارتی کاندیدی لە هەموو پێکهاتەکان هەیە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ.
بڵند ئیبراهیم




