٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان جێبەجێ دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆش دەڵێ: ئەو پڕۆژانە ھەلیکار بۆ ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی دەڕەخسێنن.

جگەرخوین تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: شەش پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن و پڕۆژەکانیش پێکهاتوون لە سێ پڕۆژەی کەرتی پەروەردە و دوو پڕۆژەی گەشتیاری و پڕۆژەیەکی وەرزشی، سەرمایەی ئەو شەش پڕۆژەیەش نۆ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و ژمارەیەکی زۆری ھەلیکار بۆ ھاووڵاتییان دەرەخسێنن.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ گوتی: تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو پڕۆژانە دەستپێدەدکرێن و دەکەونە بواری جێبەجێکردن، ئەمەیش دەبێتە ھۆی بوژانەوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پێشتریش مۆڵەت بە چەندین پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە و کارکردن لەچەندین پڕۆژە بەردەوامە.

جگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جەخت لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکاتەوە کە دەبنە ھۆی گەشەی ژێرخانی ئابووری وڵات و ھەلیکار بۆ ھاووڵاتییان دەرەخسێنن، ئێمە لەڕێگەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانەوە توانیومانە بەھەزاران ھەلیکار پەیدا بکەین بۆ نموونە پڕۆژەی پیشەسازی زاخۆ ھەلیکار بۆ حەوت ھەزار و ٥٠٠ کەس دەرەخسێنێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار