محەمەد کەمال: زانکۆ و خەڵکی کەرکووک زۆر دڵخۆش بوون بە دیارییەکەی سەرۆک بارزانی

کەرکووک_KDP.info_ بەرپرسی لقی 3ی پرتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: زانکۆی کەرکووک و خەڵکی کەرکووک زۆر دڵخۆش بوون بە دیارییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پێشکەشکردنی بارەگای پارتی بە زانکۆ، ئێمەش بارەگای لقمان وەرگرتۆتەوە و تا هەفتەیەکی دیکە بەفەرمیی دەیکەینەوە، ئەمەش پاڵپشتییەکی باش دەبێت بۆ کاندیدانمان و خەڵکی کەرکووک بەگشتی.
محەمەد کەمال ، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بوو بۆ کەرکووک دەنا پارتی لە ناو دڵی کەرکووکییەکانە و هەموو ماڵێکی کەرکووکییەکان بارەگایەکە بۆ پارتی، دیارە بارەگاکانمان داگیرکرابوو ، ئەمڕۆ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران و بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان پارتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی سیاسی سەرۆک وەزیران بارەگاکانی پارتی ڕادەست بکرێتەوە، ئەمڕۆ بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانمان وەرگرتەوە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کە هەمیشە پاڵپشت بووە بۆ زانست پێشکەشی زانکۆی کەرکووکمان کرد.
دەشڵێت: زانکۆی کەرکووک سوپاسی سەرۆک بارزانیان کرد و زۆر دڵخۆش بوون چونکە خۆیان شوێنیان کەمبوو، بۆیە ئەمە هاوکاریێک بوو بۆ ئەوان و سەرۆکی زانکۆش چەندین جار سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو دیارییەی بە زانکۆی کەرکووکی بەخشی ، چونکە ئەو بارەگایە پێشکەشی خەڵکی کەرکووک و منداڵانی کەرکووک کرا بەبێ جیاوازی.
محەمەد کەمال گوتیشی: دوای ئەوەش بارەگای لقی 3ێمان بەفەرمیی کردەوە و پێویستمان بەوەیە ماوەی هەفتەیەک دەستکاری بکەین و ڕێکی بخەینەوە، دوای ئەوە بەفەرمیی بارەگای پارتی لە کەرکووک دەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە پشتگیریەکی باش بۆ کاندیدەکانمان هەر چەندە هەموو خەڵکی کەرکووک پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دەکەن، چونکە پارتی هەمیشە داکۆکیکار بووە لە خەڵکی کەرکووک و لەڕۆژی دروستبوونییەوە بارزانی نەمر کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناوبردووە و هیچ کات پارتی سازشی لەسەر کەرکووک نەکردووە.
بڵند ئیبراهیم




