٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی پارتی لە شنگال دەست بە بانگەشە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بڕیارە سبەی رۆژی یەکشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری شنگال بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ: سبەی کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال و زومار بە جەماوەر دەناسێنین.

ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەم مانگەوە کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال و زومار دەستیان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و بەردەوام لەنێو خەڵکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەرنامە و پەیامی پارتی بۆ ھەڵبژاردن بە جەماوەری ناوچەکە بناسێنن، لەو ناوچانەی لە ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی فیدڕالیشن کاندیدانی پارتی دەچنە نێو خەڵکەوە.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: سبەی رۆژی یەکشەممە بە شێوەیەکی فەرمیی پارتی لە سنووری دەڤەری شنگال و زومار و ھەموو ئەو سنوورانەی سەر بە لقی ١٧ی پارتین دەست بە بانگەشە دەکەین و کاندیدانی خۆمان بە خەڵکی ناوچەکە و دەنگدەران دەناسێنین.

لەبارەی ڕێگرییەکانیش ئیدریس زۆزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: تا ئێستا ڕێگرییەکی ئەوتۆ لەبەردەم کاندیدانی پارتی نییە، بەڵام ئەزموونمان ھەیە لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ھەندێ لایەنی نێو شنگال ئاستەنگ بۆ بانگەشەی پارتی دروست دەکەن، لەگەل ئەوەشدا پارتی بەشێوەیەکی زۆر سەردەمییانە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدانی  خۆمان دەدەین.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار