ڕێگه‌پێدراوی لیستی پارتی له كه‌ركووك: چاوەڕوانی دەرەنجامی زۆر باشین

ڕێگه‌پێدراوی لیستی پارتی له كه‌ركووك، باس له هه‌ڵبژردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌كات و ئه‌وه ده‌خاته ڕوو پارتی به‌قوه‌تێكی جه‌ماوه‌رییه‌وه دابه‌زیوه‌ته‌وه ناو هه‌ڵبژاردنه‌كان و چاوه‌ڕانی ده‌رئه‌نجانی زۆر باشین.
سامان ڕه‌شید، ڕێگه‌پێدراوی لیستی پارتی له كه‌ركووك، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: به هێزێكی زۆری جه‌ماوه‌رییه‌وه دابه‌زیون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركووك و چاوه‌ڕانی ئه‌نجامی زۆر باش ده‌كه‌ین، له ئه‌گه‌ری زۆرینه‌مان لە ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، پارتی ئیداره‌ی شارەکه وه‌رده‌گرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك وه‌رده‌گرین و هێز و شكۆ و ئیراده‌ی پێكه‌وه‌ژیان له كه‌ركووك دووباره داده‌ڕێژینه‌وه. پارێزگاری كه‌ركووك به‌مافی خۆمانی ده‌زانین و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، چاوه‌رانین كورسی زۆر به‌ده‌ست بێنین.
رایشیگه‌یاند: ئێمه وه‌ك پارتی ژماره (197)مان پێدراوه و 30 به‌ربژێرمان هه‌یه، ڕكابه‌ری بەدەستهێنانی زۆرترین كورسیی ده‌كەین و له %30ی ڕێژه‌ی ئافره‌تمان ڕه‌چاوكردووه، له‌ناو به‌ربژێره‌كانی ئێمه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و توركمانیشی تێدایه و له كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموون و كه‌سایه‌تی و به‌ربژێری ئێمه گوزارشت له كۆمه‌ڵگای كه‌ركووك ده‌كات به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، چاومان له‌وه‌یه زۆرترین ڕێژه‌ی كورسیی به‌ده‌ست بێنین. به‌پێی یاسای ژماره 21ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌ن پارێزگار و هه‌ردوو جێگرەکه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت، له كۆی 16 كورسیی كه‌ركووك، یه‌كیان بۆ پێكهاته‌كانه، كێ له‌ناو ئه‌نجوومه‌ن زۆرینه بێت. ده‌توانێت پارێزگار دیاری بكات.




