"داوامانکردووە گۆشتی سوور بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش بکرێت"

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاشکرایکرد: داوامان کردووە گوشتی سوور بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر ھاووڵاتییان دابەش بکرێت.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دابەشکردنی گۆشتی سوور لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە لە ڕێگەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەوە نییە، کۆمپانیای گشتی بازرگانی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات و تا ئێستا لە پازدە پارێزگای عێراق جێبەجێکراوە، گوشتی سوور بە نرخێکی گونجاو بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش کراوە، دیارە پرۆسەکە چەند قۆناغێکە و ھەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم گوتیشی: بەپێی بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵ دابەشکردنی گوشتی سوور ھەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی گوشتی سوور، ئێمە نووسراومان کردووە و چاوەڕێی وەڵامین.
نەوزاد شێخ کامل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لەگەڵ گەیشتنی گۆشتەکە لە شوێنە گشتییەکان دادەنرێت و ھاووڵاتییان دەتوانن بە نرخی گونجاو بیکڕن، تەنانەت لە مارکێت و ناو گەڕەکەکانیش دابەش دەکرێت، ئەمە وەک ھاوکارییە بۆ ھاووڵاتییان، پێشتریش ھێڵکە دابەش کراوە، دوای پارێزگاکانی عێراق پڕۆژەکە لە پارێزگاکانی ھەرێمیش جێبەجێ دەکرێت.
قائید میرۆ




