سەرۆکی لیستی پارتی لە کەرکووک: بەڵێن بێت بە کردار خزمەتی کەرکووک دەکەین

کەرکووک_KDP.info_ سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197 دەستی بە بانگەشە کردووە و خەڵک پێشوازییەکی باشی لێ دەکەن، ئێمەش بەڵێن دەدەین بە کردار خزمەتیان دەکەین و خۆمان بە خاوەنی کەرکووک دەزانین.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە شەوی 1/11دەستمان بە بانگەشە کرد بۆ لیستی 197ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، ئێمە بەرنامە و کاری تایبەتی خۆمان هەیە و بەرنامەمان هەیە لە مەراسیمێکی گەورە بەرنامەی کاری خۆمان رابگەیەنین، ئێستا وێنەکانمان هەڵواسیوە و بەپێی ڕێنماییەکان بانگەشە دەکەین و ئومێدمان وایە بە شێوەیەکی هێمنانە بانگەشە بەڕێوەبچێت، پارتی مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ کەرکووک هەیە، خودی بارزانی نەمر شۆڕشێکی کردە قوربانی و ئێمەش وەکو لیستی پارتی بەڵێن دەدەین ئەوەی لە توانامان دابێت چۆن پارتی پەروەر بووینە و بەسەربەرزی ماوینەتەوە بەو شێوەیە بەردەوام دەبین.
حەسەن شێخانی گوتیشی: بەداخەوە لەکەرکووک لەڕووی کارگێری وئیداری بەهەموو پێوەرەکان ناعەدالەتی هەیە لە دابەشکردنی پۆست و دامەزراندن و خزمەتگوزاری، بەڵێن دەدەین لەگەڵ کەرکووکییەکان بەڵێنمان کردار دەبێت و خزمەتی کەرکووکی دڵی کوردستان بکەین.
گوتیشی: ئێمە 30 کاندیدمان هەیە و کۆمەڵێک حزبی سیاسیش لەگەڵ ئێمە بەشدارن و کاندیدی پێکهاتەکانیشمان هەیە، لیستی ئێمە هەموو چین و توێژەکان لەخۆ دەگرێت، بۆیە تا ئێستا پێشوازییەکی باشمان لێ دەکەن، بەڵام خەڵکیش داواکاری هەیە، ئێمە ئەوکاتە دڵخۆشین کە ڕووی داواکاری لەپارتی بێت، چونکە خۆمان بە خاوەنی کەرکووکیەکان و قەزیەکە دەزانین.
بڵند ئیبراهیم




