٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەڕەکە کۆنەکانی قەزای ئاکرێ لەسەر شێوازی خۆیان نۆژەن دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری شوێنەواری و کەلەپوری لە ئاکرێ گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە بۆ نۆژەنکردنەوەی گەڕەکە کۆنەکانی قەزای ئاکرێ لەسەر شێوازی کۆنی خۆیان، کە بڕیارە بە سێ قۆناغ نۆژەن بکرێنەوە، چونکە ژمارەی خانووەکان بە دوکانەکانەوە زۆرە و نزیکەی ھەزار و 800 خانوو لەگەڵ دووکان دەبێت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری و کەلەپوری لە ئاکرێ، ھیوا شیمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو شوێنەوار و کەلەپوری ئاکرێ لەساڵی 2021 پلانمان دانا بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپورییەکانی ئاکرێ لە گەڕەکی ئاکرێی کۆن و جوستەیی و گۆرەڤا، بۆ ئەوەی لە تێکچوون ڕزگار بکرێت و پلان و دەرخستەمان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارمانکرد و ئەوانیش ئاراستەی حکوومەتیان کرد و پێویستە نۆژەنبکرێتەوە بەپێی کەرەستەی خۆیان پێ دروستکراون و ڕەزامەندی دراوە و ئێمە لەسەر خەتین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، بۆ ئەوەی دەست پێبکەین و چاوەرێ دەکەین پارە خەرج بکرێت و بکەوێتە کار".

ھیوا شیمال گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەم 40 خانوو دەستنیشانکراون و نۆژەندەکرێنەوە بەپێی ئەو بیناسازییەی خۆی و بکرێنە شوێنی گەشتوگوزار وەکو ھۆتێل و قاوەخانە و موتێل و کافتریا بۆ سەردانی گەشتیاران، چونکە نابێت تێکبدرێت و بە شێوەی تازە دروست بکرێنەوە و پێویستە بە ھەمان کەرەستەی خۆیان دروست بکرێنەوە، چونکە ئەمانە بۆتە سیمبولێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، بۆیە گرنگە لەسەر شێوازی خۆیان نۆژەنبکرێنەوە".

ناوبراو دەشڵێت: "پێویستمان بە پێنج ملیار دینار ھەیە بۆ نۆژەنکردنەوە و بە قۆناغیش نۆژەن دەکرێنەوە و سێ پلانمان ھەیە لەبەر ئەوەی ھەزار و 800 خانوو ھەیە بە دووکانەکانیشەوە، بۆیە پێویستی بە بوودجەیەکی زۆر ھەیە و بە قۆناغ نۆژەن دەکرێنەوە، ھەر چەندە ساڵانی رابردوو حکوومەت ساڵانە 250 ملیۆن دیناری تەرخانکردبوو بۆ ئەوەی ئەو گەڕەکانە پێ نۆژەنبکرێنەوە و پارێزگاریان لێ بکرێت لە ڕووخان، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی بڕدرا و ئێستا دەمانەوێت بەشێوەیەکی باش دەست بە نۆژەنکردنەوە بکەین، چونکە ساڵ بەساڵ بەرەو ڕووخان دەچن، بۆیە گەر نۆژەن بکرێتەوە سوودی زۆری دەبێت بۆ ڕەخساندنی ھەلیکار و ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر و داھاتێکیش دەبێت بۆ حکوومەت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار