سەرۆکی لیستی (التآخی) لە بەغدا: ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدەکەمان دەدەین

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی لیستی (التآخی) لە بەغدا پێی وایە دەنگدەرانی کورد لە بەغدا دەنگ بە کاندیدی لیستهكهیان دەدەن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و دەشڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدهكهمان دەدەین تا بچێتە ئەنجوومەنی پارێزگا.
ئیسماعیل سایەمیر، سەرۆکی لیستی (التآخی) لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان لە بەغدا پێکەوە بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن و ناوی لیستەکەشمان (التآخی)یە، پێشتر لیستی (التآخی) ھەبووە لە نێوان لایەنە کوردیەکان لە بەغدا و چەندین پارێزگای دیکەی عێراق، ئێمە ئەمجارەش بە لیستی (التآخی) بەشداری دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا".
سەرۆکی لیستی (التآخی) لە بەغدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە ھەردوو لایەن یەک کاندیدمان ھەیە لە بەغدا ئەویش (ئازاد ئەکبەر یار کەرەم) كوردی فهیلی یه و پێشتر بەنیازبووین بە دوو کاندید بەشداری ھەڵبژاردن بکەین لە پارێزگای بەغدا، کاندیدێک بۆ ئێمە و کاندیدێک بۆ برادەرانی سۆشیالیست، بەڵام کۆمسیۆن رێگەی نەداوەو گوتیان تەنیا دەتوانن بە یەک کاندید بەشداری ھەڵبژاردن بکەن".
ئیسماعیل سایەمیر گوتیشی: "لە ڕۆژانی داھاتوو دەچینە نێو جەماوەر و سەردانی کوردانی دانیشتووی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی کاندیدەکەمان زیاتر بناسێنین و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین سەرکەوێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بۆیە داوا لە دەنگدەرانی کوردی دانیشتووی بەغدا دەکەین دەنگ بە کاندیدی لیستی (التآخی) بدەن بۆ ئەوەی کوردانی بەغدا نوێنەریان ھەبێت لە ئەنجوومەن".
قائید میرۆ




