٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ڕۆژانی داھاتوو پارتی بانگەشەی ھەڵبژاردن فراوانتر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەرچەندە شەوی ڕابردوو کاندیدانی پارتی دەستیان بە بانگەشە کردووە، بەڵام ڕۆژانی داھاتوو پارتی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی بەشدارە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەست بە بانگەشە دەکات.

نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو وادەیەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری کردبوو لە کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو بانگەشەی ھەڵبژاردن لە عێراق دەستی پێکردووە و کاندیدانی پارتی لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی بەشدارە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی بە بانگەشە کردووە و تا کۆتایی پرۆسەکە بەردەوام دەبین لە بانگەشە بۆ لیست و کاندیدانی پارتیمان لەھەموو ئەو ناوچانەی بەشدارین لە ھەڵبژاردن.

بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردن دەشڵێت: لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی حزب  ھەنگاوی ناوە بۆ دابین کردنی ھەموو پێداویستیەکی بانگەشە، ھەرچەندە کاندیدەکانمان لەدوێنێ شەوەوە دەستیان بە بانگەشە کردووە، بەڵام وەک حزب بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو بەشێوەیەکی فراوانتر کەمپینی ھەڵبژاردن ڕابگەیەنین و بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بچینە ناو خەڵک.

لەبارەی ڕێگرییەکان .. نیازی حەمە عەزیز گوتی: ئەمە ھێشتا ڕۆژی یەکەمی بانگەشەیە و تا ئێستا ھیچ ڕێگرییەک لە کاندیدانی ئێمە نەبووە، ھەموو کاندیدانی پارتی لەوە ئاگادار کراونەتەوە بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن بانگەشە بەڕێوە ببەن و پارتی پابەندە بە یاسا.

لەبارەی کردنەوەی ئۆفیسی ھەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکان، نیازی حەمە عەزیز ئاشکرایکرد: ڕۆژانی داھاتوو مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان بڕیار لەسەر کردنەوەی ئۆفیسی بانگەشە دەدات لە ھەر شوێنێک، بەتایبەتی لە کەرکووک، مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک دەسەڵاتی ھەیە لە ھەر شوێنێک پێویست بێت ئۆفیسی کەمپینی ھەڵبژاردن بکەنەوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار