شوان کەلاری: لە سەماوە 11 گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و ڕوفاتی ژن و منداڵی تێدایە

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان ئاشکرایکرد: لە بیابانەکانی سەماوەی باشووری عێراق 11 گۆڕی بەکۆمەڵی کورد ھەنە و دەشڵێ: زۆربەی ڕوفاتی ناو ئەو 11 گۆڕە ژن و منداڵن و مێژوویان بۆ سەردەمی ئەنفال دەگەڕێتەوە.
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی عێراق بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە بیابانەکانی سەماوەی باشووری عێراق دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی کورد ھەیە و لە نزیک ئەو گۆڕەی 171 ڕوفاتی تێدا بوو 11 گۆڕی دیکەی سەردەمی ئەنفال ھەیە و مەزەندە دەکرێت ڕوفاتی سەدان شەھیدی تێدابێت، بەتایبەتی ئەو گۆڕانەی لەو ناوچەیە ھەن زۆربەی ڕوفاتی ناو گۆڕەکان ژن و منداڵن مێژوویان بۆ سەردەمی ئەنفالی 1988 دەگەڕێتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەڵێ: ئێمە خۆمان سەردانی سەماوە و نوگرە سەلمانمان کردووە و قسەم لەگەڵ خەڵک و ئیدارەی ناوچەکە کردووە، بەپێی گوتەی پارێزگارو خەڵکی ناوچەکە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی کورد ھەنە.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پرسی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش ھاوشێوەی زۆر پرسی دیکە بەسیاسی کراوە و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی کورد لە عێراق هەنە و حکوومەتی فیدڕاڵ کاریان تێدا ناکات کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت و بگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان.
قائید میرۆ




