وەزارەتی پەروەردە: پلان هەیە سەرجەم قوتابخانەکان بکرێنە یەک دەوامی

هەولێر_KDP.info_ بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دروستکردن و نوژەنکردنەوەی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمساڵ 24 قوتابخانەی تازە کراونەتەوە و پلان هەیە دەوامی قوتابخانەکان بکرێتە یەک دەوامی.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە دروستکردن و نوژەنکردنەوەی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان و لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت زەم بوارە دەدەین، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 24 قوتابخانە تازە کراونەتەوە و خەڵکی خێرخوازیش بەردەوام قوتابخانەی نوێ دروست دەکەن، هەفتەی ڕابردوو قوتابخانەیەک کرایەوە پێشتریش قوتابخانەیەکی دیکە کرابووەوە ئەویش خێرخوازێک دروستی کردبوو، بۆیە هەم پرۆسەی دروستکردنی قوتابخانە هەمی نوژەنکردنەوە بەردەوامە.
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: سێ دەوامی لە قوتابخانەکان بنبڕکراوە و کار دەکرێت بۆ نەهێشتنی دوو دەوامیش لە سەرجەم قوتابخانەکان، ئەوەش لەسەر باشبوونی دۆخی ئابووری دەمینێتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوە داین هەر قوتابخانەیەک یەک دەوامی تێدا بکرێت و دوو دەوامی و سێ دەوامی نەمینێت، هەر بۆیە بەردەوام قوتابخانەی تازە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئەوانەی کۆنیش بێت نوژەن دەکرێنەوە.
بڵند ئیبراهیم




