٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک کۆنگرەیەک لەبارەی کەرتی وەبەرھێنان ئەنجام دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

بڕیارە لە شاری دھۆک کۆنگرەیەک لەبارەی کەرتی وەبەرھێنان ئەنجام بدرێت، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانیش دەڵێ: ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکە ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت دەکەین بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان لە دھۆک.

مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەگەڵ وەبەرھێنەرانی دھۆک لە دانوستانداین بۆ ئەوەی کۆنگرەیەک لەبارەی کەرتی وەبەرھێنان لە شاری دھۆک ئەنجامبدرێت و تێیدا باس لەو خاڵانە بکرێت بوونەتە ھۆکاری لاوازی کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک، ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی وەبەرھێنان پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران گوتیشی: کۆنگرە تایبەت دەبێت لە کێشە و ئاریشەکانی کەرتی وەبەرھێنان لەو پارێزگایە، چونکە نزیکەی 11 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە دھۆک ھەنە و بازاڕیان نییە، دەمانەوێ کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەین ھۆکارن بۆ سستی کەرتی وەبەرھێنان.

مەلا یاسین ڕوونی کردەوە: پارێزگای دھۆک پێگەیەکی بەھێز و سروشتێکی سەرنج ڕاکێشی ھەیە و لەڕووی ئابووریشەوە پارێزگایەکی زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، داواش لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین شاری دھۆک بکرێتە پایتەختی بازرگانی کوردستان.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار