٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سبەی لە ھەموو دەروازەکان مامەڵەی دۆلار بۆ دینار دەگۆڕدرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێم ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە لە دەروازە سنوورییەکان کار بە دیناری عێراقی دەکرێت و ھەموو ئەو مامەڵانەی پێشتر بە دۆلار بوونە، دەکرێنە دینار.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی فیدڕاڵ بڕیاری دەرکردووە کە پێویستە ھەموو مامەڵە فەرمییەکان لە عێراق بە دینار بکرێن نەک دۆلار، لە ڕووی قانوونییەوە ھەر وایە و دەبێت مامەڵەکان بە دیناری عێراقی بکرێن، لەبەر ئەوەی عوملەی عێراق دینارە، لەم مانگەدا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش بڕیارێکی ھاوشێوەی بەغدای دەکردووە، بۆ ئەوەی ھەموو مامەڵەیەکی گومرک بە دینار بێت".

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەسەر بنەمای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە سبەی چوارشەممەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ھەموو ئەو دەروازانەی مامەڵەیان بە دۆلار بووە، دەکرێنە دینار".

ناوبراو گوتیشی: "بڕیارەکەی حکوومەت بۆ گۆڕینی مامەڵەی دەروازەکان لە دۆلارەوە بۆ دیناری عێراقی، ھەموو دەروازەکان دەگرێتەوە و لە سبەی بەدواوە ھەموو مامەڵەیه‌کی دۆلار بە دینار بەڕێوە دەچێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار