٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دروست کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_  سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گوتی: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دروست کراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران، ئەمڕۆش ئەو لیژنەیە کۆبوونەوەی خۆی سازکرد.

د.محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست بووە، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنان و بابەتی تەمویلکردن و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و هەندێک پرسی دیکەی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوێکیش، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کە تەواوکاری کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەن بوو، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجامدرا، تێیدا بڕیاردرا مۆڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە، هەروەها ئاسانکاری لە پرسی کوژانەوە بکرێت  لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زەوی بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی باشتری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەو گرفتانەی بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان لەگەڵ چۆنییەتی چارەسەر کردنیان خرانە ڕوو، بە پشتبەستن بە ڕێکارە یاساییەکان تاووتوێکرا، لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکار و هەماهەنگ بن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەربەستەکانی بەردەم  دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و  پرسی کوژاندنەوەی زەوی و قەرەبووکردنەوەیان تاووتوێ کران. لەم بارەیەوە بڕیاردرا: بەپێی یاسا بەرکارەکان کار بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنی ئەو زەویانەی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێن پاش کوژاندنەوەیان، بەتایبەتیش ئەولەوییەت بدرێت لە ئاسانکاریکردن بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ.

هەروەها قسە لەسەر ئەو پڕۆژانەش کرا ، کە هاوبەشن لەنێوان کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا و بڕیاردرا ئاسانکاری پێویستیان بۆ بکرێت.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار