٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەستەی نەزاهە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار و پاڵپشتمانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_kdp.INFO_ سەرۆکی دەستەی نەزاهە لە هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە بەردەوام کار لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی دەکەین، ئەمساڵ زیاتر لە 100 کەیسمان ڕەوانەی دادگاکان کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوکار و پاڵپشتمانە.

سەرۆکی دەستەی نەزاهە لە هەرێمی کوردستان ، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: جوڵاندنی کەیسی گەندەڵی بەردەوامە و لەمساڵدا وەکو دەستەی نەزاهە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 کەیسی گەندەڵیمان داوەتە دادگا، کەسانی پلە باڵا لەسەر ئاستی وەزیری پێشوو و بریکاری پێشوو و بەرێوبەری گشتی پێشوو و پەرلەمانتارانی پێشووی تێدایە، بەردەوامیش دەبین، پێم وایە کەیسەکان زیاد دەکەن چونکە هێشتا دوومانگ بۆ کۆتایی ئەمساڵ ماوە.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: کاری ئێمە ئەوەیە کەیسەکانی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوانیش بڕیاری لێ دەدەن بۆ ئەوەی سزابدرێن یاخود نا، چونکە کاری ئێمە تەنیا ڕەوانەکردنی کەیسەکانە، نەک بڕیاردان.

گوتیش: ئێمە وەکو دەستەی نەزاهە بەردەوام دەبین لەکاری خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری و پاڵپشتیمان دەکات.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار