٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار پارکێکی گەورە لە هەولێر دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر گوتی: بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە پارکێکی گەورە بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار لە هەولێر دروست بکرێت.

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، ڕێبین ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە، ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر گەیشتۆتە 19.5% و بەردەوام داری نوێ دەچێنین و پارکێکی نوێش دروست دەکەین ، بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاتر بکەین، پلانێکی باشیشمان داناوە بۆ ئاودان و چەند پڕۆژەی نوێشمان لەو بارەیەوە هەیە.

ڕێبین ئەحمەد گوتی: بڕیارە پارکێکی گەورەی سەردەمیانەی نوێ لە گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری 17هەزار  مەتری چوارگۆشە دروست بکرێت، ڕەزامەندی هاتۆتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی دەکرێت، ملیارێک و 40 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

لە پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی گشتی 450 پارک و باخچە و دارستان هەیە، بەردەوامیش پارک و باخچە و دارستانی نوێ دروست دەکرێن، بۆ ئەوەی ڕێژەی  سەوزایی زیاتر بێت، چونکە ڕێژەی  سەوزاییش بەپێی ڕێژەیی دانیشتووان پێوانە دەکرێت، جا هەر شارە و پێویستە چەند لە سەدی سەوزایی بێت، لە هەولێر بەو هۆیەی ژینگەی زۆر خاوێن نییە سەوزایی هەرچەند زۆر بێت باشترە.


بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار