٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لوقمان عەبدولقادر: زیاتر لە 400 منداڵی ھەڵەبجە بێسەروشوێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە ئاشکرای کرد، زیاتر لە 400 منداڵی ھەڵەبجە بێسەروشوێنن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆردێکی بۆ دۆزینەوەیان پێک ھێناوە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی تێدایە.

لوقمان عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆردێکی تایبەتی بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی کارەساتی ھەڵەبجە دروست کردووە و جێگەی خۆشحاڵییە ھەنگاوەکەی حکوومەت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیددی کار بۆ دۆزینەوەیان بکرێت، نوێنەری ھەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەو بۆردەدا ئەندامن، بەڵام داوا دەکەین سامپڵی کەسوکاری منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە وەربگیرێت، چونکە زۆرێکیان چوونەتە تەمەنەوە و ئەگەر ئێستا نموونەیان بۆ پشکنین وەرنەگیرێت، لەوانەیە زیاتر بچنە تەمەنەوە و کۆچی دوایی بکەن، دواتر ئەگەر منداڵی ونبوو دۆزرایەوە، ناسینەوەیان زەحمەتە".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەشڵێت: "بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستن، زیاتر لە 400 منداڵی ونبوو ھەن، ئەوانەی بە ھۆی کارەساتی ھەڵەبجە دابڕاون و ھیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە، پێشتر 67 خێزان سکاڵایان تۆمار کردبوو و داوای گەڕانەوەی منداڵەکانیان کردبوو، کە ژمارەیان 119 منداڵ بوو".

عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە گوتەی بەرپرسی مانگی سووری ھەورامان، لە کاتی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا 670 منداڵی ھەڵەبجە رادەستی ئەو شوێنانە کراون لە ئێران کە تایبەتن بە بەخێوکردنی منداڵی بێسەرپەرشت، لەلایەکی دیکەوە لە شاری سنە کەسێک منداڵێکی لەخۆ گرتبوو بە گوتەی ئەو کەسە کاتێک لەو شوێنەی منداڵەکەی وەرگرتووە 48 منداڵی تێدا بووە، تا ئێستا ھەشت منداڵ دۆزراونەتەوە و چواریان پشتڕاست کراونەتەوە کە منداڵی کام خێزانی ھەڵەبجەن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار