لە ھەولێر دوو ھەزار پارێزەر بەشداری بایۆمەتریان کردووە

پرۆسەی بایۆمەتری پارێزەران بەردەوامە و بەرپرسێکی پارێزەرانیش دەڵێ: تا ئێستا تەنیا لە ھەولێر زیاتر لە دوو ھەزار پارێزەر بەشدارییان کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەش چوار ھەزار پارێزەر زیاد بووە و نوێنەریان دیاری دەکرێت.
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرۆسەی بابۆمەتری بۆ پارێزەران دەستی پێکردووە و بڕیارە ھەموو پارێزەران بەشداری بایۆمەتری بکەن، بە پێچەوانەوە ھەر پارێزەرێک ھاوشێوەی فەرمانبەران خۆی تۆمار نەکات ئەوە پێناسەی سەندیکای بۆ نوێ ناکرێتەوە و ناتوانێت بەردەوامبێت لەسەر پیشەی پارێزەرایەتی.
بەرپرسەکەی پارێزەران گوتیشی: تا ئێستا تەنیا لە ھەولێر دوو ھەزار پارێزەر بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتری کردووە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا ھەموو پارێزەران بەشداری دەکەن.
ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لەدوای ساڵی 2018 تا ئێستا چوار ھەزار پارێزەر لە ھەرێمی کوردستان زیادی بووە و دەمانەوێ نوێنەری ئەو پارێزەرانە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ھەنگاو بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی سەندیکای پارێزەران بنێین، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە دراوە و ھێشتا ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دیاری نەکراوە تا نوێنەری پارێزەران دیاری دەکرێت.
قائید میرۆ




