دەستەی وەبەرهێنان: پلانمان هەیە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە لەڕێگەی وەبەرهێنەری بیانی ئەنجام بدەین

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گوتی: بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکان دێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام لە زیادبوون دایە و زیاتریش دەبێت، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ پێشوازیکردن لە کۆمپانیای تازە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی ئەنجام بدەن، بۆیە هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بەردەوامە.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: چەندین ئاسانکاری و ڕێکاری تازەمان گرتۆتە بەر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان وەکو پڕۆژەی ئامادە و نەخشەی وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەستەکان و نەمانی ڕۆتین و قسەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، سەرۆکی حکوومەتیش لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابوری جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، پێویستە ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەری بیانی بکرێت، بۆیە مۆڵەتی باشیش بە ئەنجامدانی پڕۆژە دراوە و بەردەوامیش دەبین.
لە ساڵی 2006 تا مانگی 10ی ئەمساڵ مۆڵەتی 45 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەری بیانی دراوە.
بڵند ئیبراهیم




