ئەحمەد گەرمیانی: سەرۆک بارزانی ھەمیشە لە خەمی پرۆسەی خوێندنە لە کەرکووک
__2023_10_29_h16m28s48__ER.jpg)
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بۆ پێشکەشکردنی باڵەخانەی بارەگای پارتی بە زانکۆی کەرکووک بەرز نرخاند و گوتی: سەرۆک بارزانی پاڵپشت و ھاوکاری زانکۆکانی کوردستان بووە و لەخەمی پرۆسەی خوێندنی کەرکووکیش دایە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە بارەی پێشکەشکردنی باڵەخانەی بارەگای پارتی بە زانکۆی کەرکووک زیاتر لە پەیامێک لەخۆی دەگرێت و ھەنگاوێکی گرنگ و دووربینانە بوو بۆ پاراستنی گیانی تەبایی و خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و ڕێزگرتن لە خەڵکی ئازیزی ئەو شارە کە لای پارتی و بارزانی بە سیمبوڵی خۆڕاگری و تێکۆشان دادەنرێن.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: ئەگەرچی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ دەرچوو بە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، بەڵام ھەروەک چۆن سەرۆک بارزانی بەردەوام پاڵپشت و ھاوکاریی زانکۆکانی کوردستانی کردووە ئەوھاش لەخەمی شاری کەرکووک و خوێندن لەو شارە دایە، بۆیە باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێشووی خۆی لە کەرکووک، پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرد.
ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێشکەشکردنی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستن بە زانکۆی کەرکووک جگە لە ڕوانگە سیاسییە پڕ بایەخەکەی لەڕوانگەی زانستیشەوە بۆ کەرتی خوێندنی باڵا بایەخ و سوودی زۆری هەیە، ئەم دیارییەش سەلماندی پارتی ئامادەیی تێدایە بۆ خزمەتی خوێندن لەم شارە، تەنانەت بارەگاکانی خۆیشی پێشکەش بەو سێکتەرە گرنگە دەکات
قائید میرۆ




