ئومێد خۆشناو: دەست دەکرێت بە دروستکردنى گەورەترین نەخۆشخانەی سووتان

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر بە گوژمەى زیاتر لە نۆ ملیار دینار دەست دەکرێت بە دروستکردنى نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی سووتان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: پارێزگای هەولێر جگە لە بەردەوامیدان بە گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکان لە سەرجەم گوند و ناحیە و قەزاکانى بەبێ جیاوازى و بە شێوەیەکى یەکسان، بەتایبەتى بۆ گەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان، لە چوارچێوەى پەرەپێدان و خزمەتکردنى زیاترى کەرتى تەندروستیی گشتی و لەپێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، لە ماوەی ساڵى ڕابردوودا بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنى پێداویستی و ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى سنوورى پارێزگاکەى زیاتر لە دوو ملیار دینارى لە کەرتی تەندروستی خەرج کردووە.''
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ''لەم نزیکانەش لە ڕێگای پارێزگای هەولێرەوە دەست دەکرێت بە دروستکردنى گەورەترین نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی سووتان لە سەر ڕووبەری (89,000م2)، بۆ ئەم پرۆژەیەش گوژمەی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دینار تەرخان کراوە و ئێستاش هەموو ئامادەکارییەکان بەکۆتا هاتوون بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکە و بەم نزیکانە دەخرێتە تەندەر و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''




