٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاڤین شێخ سەعید: بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی چەندین پڕۆژە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دابین کراون

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لەسەر پێشنیار و ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردستانییەکان وەرگیراوە، بەشێک لە پڕۆژەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردن.

کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: چەندین ساڵە حکوومەتی فیدڕاڵ لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری جیاکاری دەکات لە نێوان ناوچەکان و ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق زیاتر پشتگوێ خراون، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بەردەوام بووینە لە ھەوڵەکانمان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر بگەیەنین بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەندین دەستکەوتمان ھەبووە.

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: پڕۆژەی ڕێگای "شێخان - بەدریک" دوای چەندین ساڵ داواکردن توانیومانە ڕەزامەندی حکوومەتی عێراق وەر بگرین بۆ ئەوەی ڕێگاکە بکرێتە دووساید و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، ھەروەھا ڕێگای شێخان بۆ شەلالات و ناوەرانیش ڕەزامەندی وەرگیراوە و کاری تێدا دەکرێت، چەندین پڕۆژەی کەرتی کارەبا لەژێر جێبەجێکردنن و بەشێکی دیکەشیان ماون جێبەجێ بکرێن، پڕۆژەی دروستکردنی پردێکیشمان لەبەر دەستە لەسەر ڕێگای شێخان بۆ پەرستگای لالش.

کاڤین شێخ سەعید ڕوونی کردەوە: دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ زیاتر لە سێ ھەزار خێزان بەدەست بێنین، بەشێک لەو خێزانانە سوودمەندبوونە و مانگانە مووچەیان بۆ دابین دەکرێت و بەشێکی دیکەشیان ناویان گەڕاوەتەوە بڕیارە مووچەیان بۆ دابین بکرێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار