٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. نەھلە ئەفەندی: ھەمیشە سەرۆک بارزانی پاڵپشت و ھاوکاری زانکۆکاکان بووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لەبارەی پێشکەشکردنی باڵەخانەی بارەگای پارتی بە زانکۆی کەرکووک بەرز نرخاند و گوتی: سەرۆک بارزانی بەردەوام پاڵپشت و ھاوکاری زانکۆکانی کوردستان بووە.

د. نەھلە قادر ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کەرکووک جێگەی ڕێز و پێزانینی ھەموو لایەکە بۆ پێشکەش کردنی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک بە زانکۆی کەرکووک، ئەمە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە چەند گرینگی ھەبێت ئەوە بۆ کەرتی خوێندنی باڵا زیاتر گرینگی خۆی ھەیە، چونکە بەو بڕیارە سەرۆک بارزانی جارێکی دی سەلماندی چەند لە خەمی پرۆسەی خوێندن و زانکۆیە.

ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا گوتیشی: لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرچاوە لە پاڵپشتی و ھاوکاری کردنی زانکۆکانی کوردستان، ھەر بڕیار و پێشنیارێک لەبارەی زانکۆوە ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرابێت یەکسەر ئامادەیی خۆی پیشانداوە و ھاوکاری کردووە.

د.نەھلە قادر ئەفەندی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: وەک ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق سوپاسی ئەو دیارییە بەنرخەی سەرۆک بارزانی بۆ قوتابیانی خۆشەویستی کەرکووک دەکەین، ئەمە دوا جاریش نابێت سەرۆک هاوکاری پیشکەشی قوتابی و زانکۆکان بکات، بە ھیوای دەستپێشخەری ھاوشێوە بۆ ھەموو شارەکانی دیکەی کوردستان، زانکۆکانی کەرکووک و ھەموو شارەکانی دیکەیش ئەو ڕاستییە دەزانن سەرۆک بارزانی چەند لەخەمی زانست و مەعریفەدایە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار