نزیکەی 600 پزیشک لەھەرێمی کوردستان دادەمەزرێن
__2023_10_28_h15m35s33__ER.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک ئاشکرایکرد: نزیکەی 600 پزیشک لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێن، لەو ژمارەیەش 108 پزیشک لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەست بەکاردەبن.
د.ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران نزیکەی 600 پزیشک لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێن و لە ناوەندەکانی تەندروستی سوود لەتوانای زانستی ئەو پزیشکانە وەر دەگیرێت، لەو ژمارەیە 108 پزیشک بۆ پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دادەمەزرێن، ئەو پزیشکانەی لە دھۆک دادەمەزرێن دەرچووی دوا خولی کۆلێژە پزیشکیەکانی زانکۆی دھۆکن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک گوتیشی: بە دامەزراندنی ئەو 108 پزیشکە لە دھۆک و زاخۆ ھیچ پزیشکێکی دانەمەزراو نامێنێ، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک پزیشکە دامەزراوەکان لەسەر ناوەندەکانی تەندورستی دابەش دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە خزمەت بکەن.
د.ئەفراسیاب مووسا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دامەزراندنی ئەو پزیشکانە لە کاتێکدایە کەرتی تەندروستی پێویستی بە پزیشک ھەیە و سەرەتا وەک نیشتەجێی خولاو دەست بەکار دەبن، دواتر دەتوانن وەک پزیشک کاری خۆیان بکەن، بێگومان بڕیارەکە کاریگەری لەسەر کەرتی تەندروستی دەبێت بەسوود وەرگرتن لەتوانای پزیشکەکان.
قائید میرۆ




