لە عەنکاوە پارکێکی گەورە دەکرێتەوە

عەنکاوە_KDP.info_ قایمقامی قەزای عەنکاوە ئاشکرایکرد، لە قەزای عەنکاوە پارکێکی گەورە هەیە، بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوژەن دەکرێتەوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی دایە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
ڕامی نوری ، قایمقامی قەزای عنکاوە ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارکێکی گەورە لە عەنکاوە لەسەر ڕووبەری 10هەزار مەتر دروستکرابوو، بەڵام پارکەکە زۆر تێکچوبوو و پێویستی بە نوژەنکردنەوە هەبوو، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ تەرخانکردین و نوژەنمان کردەوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی دایە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
رامی نوری گوتیشی: پارکەکە هەموو شتێکی تێدایە وەکو کورسی، دار، گوڵ، شوێنی دانیشتن، هاتووچۆکردن و هەرچی پێداویستی بۆ پارک هەیە تێیدایە، چونکە ئێمە ئامانجمانە ڕێژەی سەوزایی لە عەنکاوە زیاد بکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پلانی هەیە ڕێژەی سەوزایی لە هەموو ناوچەکان زیاد بکرێت، لەوانەش عەنکاوە.
هەر لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، ڕێبین ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هەماهەنگی باشمان هەیە لەگەڵ عەنکاوە بۆ نوژەنکردنەوەی پارکەکە، هەر پێویستییەکیان بە ئێمە هەبێت بۆیان دابین دەکەین، چونکە ئامانجی ئێمە زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە لە هەولێر.
گوتیشی: لە سنووری هەولێر بە گشتی 450 پارک و باخچە و دارستانمان هەیە و لە پلانمان دایە زیاتریش بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




