٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەلا یاسین: لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین بڕیار لەبارەی پارێزگای ھەڵەبجەوە دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاشکرایکرد: لە کۆبوونەوەی وەبەرھێنەران و سەرۆکی حکوومەت چەندین خاڵ لەبارەی کێشەی کەرتی وەبەرھێنان خرانە ڕوو، گوتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین بڕیار لەبارەی پارێزگای ھەڵەبجەوە دەردەکرێن.

مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی وەبەرھێنەران و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین خاڵ خرانە ڕوو یەکێک لەوانە بەندە چەندین خاڵی لەبارەی کەرتی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە خستە بەردەم سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بەڕێزیان فەرمووی ئەو داواکاری و خالانەی تایبەتن بە ھەڵەبجە بە نووسراوی فەرمیی ئاراستەیان بکەم ، دواتر لەڕێگەی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کران.

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران گوتیشی: ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ناوچەی کەمی گەشەسەندوومان ھەنە لەکەرتی وەبەرھێنان و ناوچەکان بەسەر سێ زۆن دابەش کراون، بەخۆشحاڵییەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری لەبارەی ھەلەبجەوە دەرکردوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیارەکان دەگەنە ئیدارەی ھەڵەبجە و بڵاو دەکرێنەوە.

مەلا یاسین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دەمانەوێ لەگەڵ حکوومەت گرینگی زیاتر بە ھەڵەبجە بدرێت، بۆیە بڕیارەکان لەبەرژەوەندی ھەڵەبجەدان، لەوانە ھەر وەبەرھێنەرێک ئەگەر پڕۆژەکەی لە ھەولێر جێبەجێ بکات و لێخۆشبوونی گۆمرکی یەک ساڵ بێت ئەوە پڕۆژەکە بباتە ھەڵەبجە چەندین ساڵ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، نرخی کارەبای پڕۆژەکانی ھەڵەبجە کەمتر دەبێت لە شارەکانی دیکە، بۆ نموونە ھەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی لە شارە گەورەکان بکرێت دەبێت سەرمایەکەی لە دوو ملیۆن دۆلار کەمتر نەبێت، بەڵام ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێ پڕۆژەی پیشەسازی لە ھەڵەبجە جێبەجێ بکات تەنیا بە سەرمایەی ٥٠٠ ملیۆن دینار مۆڵەتی پێدەدرێت.
مەلا یاسین گوتی: دوای ھەڵەبجە دەمانەوێ گرینگی بە ھەموو ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بدرێت، ئەوانەی کەمتر پڕۆژەی وەبەرھێنانیان تێدا ئەنجامدراوە، یەکێک لەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی قەزاو ناحیەکاندایە، پڕۆژەکان لە شارە گەورەکان بە موساتەحە دەدرێتە وەبەرھێنەران ھەمان پڕۆژە ئەگەر لە قەزاو ناحیەکانی ئەنجام بدرێت تەملیک دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت لەسەر زەوی خۆی پڕۆژە جێبەجێ بکات.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار