سەربازگەی تۆپزاوە دەکرێتە مۆنۆمێنت

بەغدا_KDP.info_ بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: پڕۆژەیەکمان ئامادەیە بۆ ئەوەی سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت.
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شوان کەلاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت نەک سەربازگە، لەڕێگەی پەرلەمانەوە گوشارێکمان دروست کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە بەسەربازگەکردنی ئەویش لەڕێگەی ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و ئەنفال و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
گوتیشی: سەربازگەی تۆپزاوە زەوی تورکمانەکان بووە کاتی خۆی لە چوارچێوەی تەعریب داگیرکراوە، وێستگەیەک بوو بۆ کۆمەڵکوژی و ئەنفالی ساڵی 1988و گۆڕی بەکۆمەڵی لێیە و لەوێوە ئەنفالکراوەکان بردراون بۆ خوارووی عێراق بۆ ئەوەی ئەنفال بکرێن، بۆیە بەپێویستی دەزانین بکرێتە مۆنۆمێنت لەبارەی ئەو تراژیدییایەی ڕژێمی بەعس کاتی خۆی لەوێ بەسەر گەلی کوردی هێناوە.
شوان کەلاری گوتیشی: لە هەوڵەکان بەردەوامین و پڕۆژەمان هەیە لەڕێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەمان لەسەر ئەوپڕۆژەیە کردووە و هەنگاوی باش چووینەتە پێشەوە.
بڵند ئیبراهیم




